راچڵەكین -
لەشاری سلێمانی، مۆڵەتی كاركردن لە داینگەیەكی ناحكومی وەردەگیرێتەوەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگاكەش ئاشكرایدەكات داینگەكە پێشتر سێ سزای ئاگاداركردنەوەو دوو سزای هۆشدارییان هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، بە پێی فەرمانی كارگێڕی، ژمارە (4466)ی رۆژی 17ی ئەم مانگە، پاش سەردانكردنی لیژنەی سەرپەرشتی و بەدواداچوونی دایەنگەكان و لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و كەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بڕیاریدا مۆڵەتی كاركردن لە دایەنگەی (هەنگاوی بچوك)ی ناحكومی لە گەڕەكی (مامۆستایان)ی شاری سلێمانی وەرگرێتەوە.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، وەرگرتنەوەی مۆڵەتی كاركردن لە دایەنگەكە، پاڵپشتە بە بڕگەی (١) لە ماددەی (١٤)ی ڕێنمایی دایەنگەكان، ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٥) و بەهۆی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- بێبەشكردنی منداڵ لە دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكانی.
2- كەمتەرخەمی لە دروستكردنی خۆراكی تەندروست و كەمتەرخەمی لە گرنگیپێدانی گەشەی تەندروستی منداڵ.
دەركردنی بڕیارەكە دوای ئەوە دێت كە دایەنگەكە پێشتر هەشت پابەند بوون و سێ سزای ئاگاداركردنەوەو دوو سزای هۆشدارییان هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی داواشی لە دایك و باوكی منداڵانی دایەنگەكە كردووە، منداڵەكانیان بگوازنەوە بۆ دایەنگەیەكی تر.