وەزارەتی دارایی عیراق روونكردنەوە لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 295

راچڵەكین - 

وەزارەتی دارایی عیراق پابەندبوونی خۆی بە خەرجكردنی مووچەی ماگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و رەخنەش لە حكومەتی هەرێم دەگرێت بەهۆی پابەندنەبوونی بە میكانیزمە كارپێكراوەكانی بەغدا و بوونی كەموكوڕی لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە. 

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئەو زانیارییانەی رەتكردووەتەوە كە لەهەندێ كەناڵی راگەیاندن بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە، روونیكردووەتەوە كە وەزارەتی دارایی عیراق پابەندبوونی تەواوی هەیە بە شایستە داراییەكان بەپێی یاساو رێكارە كارپێكراوەكان بەبێ هیچ كەموكوڕییەك. 

لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، پارەی مووچەی هەردوو مانگی 10 و 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە كردووە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عیراق، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە جەختی لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە لە وادەی خۆیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە میكانیزمە كارپێكراوەكانی وەزارەتی دارایی بۆ ناردنی پارە، ئەوەش بەهۆی بوونی كەموكوڕی لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، كە بووەتە هۆی دواكەوتنی نادرنی مووچەی فەرمانبەران. 

وەزارەتی دارایی عیراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە لەڕێگەی كۆبوونەوەی بەردەوام، پابەندیشە بە ناردنی پارەی مووچە بەپێی وادەی دیاریكراوو رێكاری یاسایی كارپێكراو.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن