لەسنووری پارێزگای هەولێر سێ تۆمەتبار بە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەكرێن

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 329

راچڵەكین - 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، رایدەگەیەنێت لە بازرگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، سێ تۆمەتبار دەستگیركران كە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەریان پێبووەو بەنیازبوون لەشارەكانی هەولێرو دهۆك مامەڵەی پێوە بكەن. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لەدوو چاڵاكییدا لەماوەی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، لەبازگەکانی دێگەڵەو سماقولی، توانییان بڕی (٢.٥) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆرەكانی هیرۆین و حەبی كپتاگۆن و ماریجوانا دەستبەسەردا بگرن. 

ئاماژە بەوەشكراوە، لەم دوو چاڵاكییەدا بە بەشداری تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، توانرا سێ كەس دەستگیر بكرێن كە بەنیاز بوون ئەم بڕە ماددە هۆشبەرانە لەشارەكانی هەولێر و دهۆك بڵاوبكەنەوەو كڕین و فرۆشتنی پێوەبكەن. 

هەرسێ تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنیان، لە دادگا دۆسیەی تاوانیان بۆ كراوەتەوەو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵیەكان، ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن