راچڵەکین-
رەفعەت ئەسەد، برای حافز ئەسەد و مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا، بڕیاربوو لە سویسرا دادگەیی بکرێت، بەڵام لەبەر خراپیی دۆخی تەندروستی، بڕیاردراوە دادگەییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
بە گوێرەی میدای جیهانییەکان، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی سویسرا رایگەیاندووە، بەهۆی نەخۆشییەوە دادگاییکردنی مامی سەرۆکی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد هەڵوەشێنراوەتەوە و داوایان لە لایەنەکانی دۆسییەکە کردووە بۆچوونی خۆیان بخەنە روو.
بڕیار بوو رەفعەت ئەسەدی 87 ساڵان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێک دادگەیی بکرێت کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی فەرماندەی سوپای سووریا بووە لە ساڵی 1982، ئەوکات هێرشی کردە سەر شاری حەما و زیاتر لە 20 رۆژ شارەکەی گەمارۆدا و هەزاران کەسی کوشت کە زۆربەیان سڤیل بوون.
ئێستا شوێنی رەفعەت ئەسەد نەزانراوە، لە دەرەوەی سووریا ژیاوە و لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە بە گشتی لە فەڕەنسا بووە، ئەمە دوای ئەوە هات کە تۆمەتبارکرا بە هەوڵدان بۆ رووخاندنی براکەی "سەرۆکی پێشوو حافز ئەسەد".
هـ . یـ