راچڵەكین -
سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بۆناو خاكی ئۆكراینا بەردەوامەو دوو شارۆكچكەی دیكەی لە هەرێمی دۆنێتسك كۆنترۆڵكرد، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لە كۆنترۆڵكردنی تەواوی خاكی دۆنێتسك نزیكدەبینەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەبەرەی دۆنێتسك، پَشڕەویی بەرچاویان كردووەو لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، توانیوانە دوو شارۆچكەی ستراتیجی كۆنترۆڵ بكەن و زیانێكی گەورەش بە هێزەكانی ئۆكراینا بگەیەنن.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانی دوژمن خۆیان بەرامبەر هێرشەكانی سوپای رووسیا ناگرن و جگە لە زیانێكی گەورە كە بەر كەرەستە سەربازییەكانییان گەیشتووە، هاوكات زیاتر لە هەزارو 600 سەربازیشیان لە بەرەكانی شەڕ كوژراون.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، سوپای رووسیا دەیان شارۆچكەو ناوچەی نیشتەجێبوونی لە سنووری كۆماری دۆنێتسك كۆنترۆڵكردووەو بەوتەی بەرپرسە باڵاكانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش، ئامانجیان كۆنترۆڵكردنی تەواوی خاكی دۆنێتسكە، كە لە ئێستادا تەنها رووبەرێكی كەمی لەژێر دەسەڵاتی ئۆكراینا ماوەتەوە.