ئۆکراینا بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی بەرپرسەکەی رووسیا راگەیاند

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 183

راچڵەکین-

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئۆکراینا بەرپرسیارەتی خۆی لە کوشتنی فەرماندەی بەرگریی ئەتۆمی و کیمیایی سوپای ڕووسیا راگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەهۆی تەقینەوەیەک کوژرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئۆکرانی بە ئاژانسی هەواڵیی 'فرانس پرێس' ـی راگەیاند، ئۆکراینا بەرپرسیارێتیی کوژرانی ئەو بەرپرسە گەورەیەی سوپای ڕووسیا لە ئەستۆ دەگرێت، بەهۆی ئەوەی کوژرانی ئەو فەرماندە و یاریدەدەرەکەی بە بۆمبێکی چێنراوی 300 گرام لە تی ئێن تی لە چوارچێوەی کردەیەکی تایبەتیی دەزگای ئەمنیی ئۆکرانیادا بووە. 

هەر ئەمڕۆ مێدیاکانی ڕووسیا هەواڵی کوژرانی ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجیی سوپای ڕووسیایان بڵاو کردەوە، لەو بارەیەشەوە کاربەدەستانی ڕووسیا رایانگەیاند،تەقینەوەیەک لە نزیک باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ ڕووی داوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون، کە یەکێکیان ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری چەکە ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجییەکان بووە. 

لەلایەکی دیکەشەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە بڵاوی کردەوە، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی لکێندراو بە ماتۆڕسیکلێکەوە بووە و لە تەقینەوەکەشدا کیریلۆڤ و یاریدەدەرەکەی، لەو کاتەی لە باڵەخانەکە دەرچوون، کوژراون. 

ئیگۆر کیریلۆڤ تەمەنی 54 ساڵە لە ساڵی 2017 ـەوە سەرکردایەتیی هێزەکانی بەرگریی چەکی ئەتۆمی دەکرد ، لە ئێستاشدا دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیا تۆمەتبار دەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن