راچڵەکین-
بانکی ناوەندی عێراق لە رێگایی سەکۆی ئەلیترۆنی خستنەڕووی فرۆشی دۆلار رایگەیاند، فرۆشی حەواڵە دەرەکییەکانی بانکی ناوەندی عێراق بە بەشداری 16 بانکی رێگەپێدراو بۆ 97٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە رۆژی رابردوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندی عێراق خشتەی فرۆشی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، فرۆشی حەواڵەی دەرەکیی بانکی ناوەندی بە بەشداری 16 بانکی رێگەپێدراو بە رێژەی 97٪ زیادی کرد کە بە تێکڕا 273 ملیۆن و 514 هەزار و 779 دۆلار بووە.
هاوکات رێژەی فرۆشی کاشی بانکەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەداراییەکان و داواکاری گەشتیاران تەنها 8 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاربووە.
ئاستی فرۆشی بانکی ناوەندی رۆژانە گۆڕانکاریی بەسەردادێت و بەگوێرەی راسپاردەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خستنەرووی دۆلار لەرێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە لە ساڵی داهاتوودا کۆتایی دێت.