راچڵەکین-
لەسەر پێشنیازی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا شاندێکی باڵای ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە رۆيشتوونەتە قەتەر و پرسی سەرەکی دانووستانەکانیان بۆ چارەکردنی کێشەو بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست نزیکن.
هاوکات بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لەسەر داواکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، شاندێکی تەکنیکی ئیسرائیل سەبارەت بە چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززە لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان سەردانی قەتەرییان کردووە و لە ئێستاشدا لە کۆبوونەوەدان.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، شاندەکە لە گفتوگۆکانیاندا سەرنج لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنەکان و لێکنزیکردنەوەی ئیسرائیل و حەماسە و بەرپرسانی باڵایی ئەمنی ئیسرائیلیش دەڵێن، "لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست نزیکین".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسانە لە ئاگربەست نزیکن و هەوڵیش دەدەن بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر تا بگەنە دەرەنجامێکی دروست و روون.
پێشتریش ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو پێشنیازەی جۆو بایدن بۆئاگربەستی غەززە کردوویەتی، لە سێ قۆناغ پێک هاتووە؛
قۆناغی یەکەم، شەش هەفتە ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی دانیشتووان و خەڵکی مەدەنی تێدایە دەکشێتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک بارمتە ئازاد دەکرێن و هاوکاری مرۆیی زیاتریش دەگەیەندرێتە غەززە.
قۆناغی دووەم، هەموو ئەو بارمتانەی کە ماون ئازاد دەکرێن و سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە و ئاگربەستی هەتا هەتایی رادەگەیەندرێت.
قۆناغی سێیەم، دەست بە بنیاتنانەوەی غەززە دەکرێت.