لە ئێران کێشە بۆ 15 پارێزگا دروستبووە

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 282

راچڵەکین- 

دوای ئەوەیی شەپۆلێکی سەرما ئێرانی گرتەوە و لەو سەروبەندەشدا کەمبوونەوەی سووتەمەنی و کارەبا بەرۆکی ئێرانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە 15 پارێزگای ئێران سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن داخراون، بەو هۆیەوە حکوومەتی ئێران رایگەیاند، ئەم بڕیارە بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە دراوە. 

لەو بارەیەشەوە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە هاووڵاتییان کرد، گەرمای ناو ماڵەکانیان دوو پلە دابەزێنن، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت بڕێکی زۆری سووتەمەنی پاشەکەوت بکات.

هاوکات بە بڕیاری حکوومەتی ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە 15 پارێزگای ئەو وڵاتە داخران، لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگاکانی تاران و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەردەبێل، هەرسێ پارێزگای خۆراسانی باکوور و ڕەزەوی و باشوور، زەنجان، قەزوێن، سمنان، گوڵستان و مازەندەران قوتابخانەکان داخران.

جیا لە کەمبوونەوەی سووتەمەنی، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاند، پچڕانی کارەبا لە سەرجەم شار و گوندەکانی ئەو وڵاتە بەپێی خشتەی دیاریکراو دەست پێ دەکاتەوە، ئەو وەزارەتە سێ هەفتە لەمەوبەر و پاش نزیکەی مانگێک لە پچڕانی کارەبا جەختی لەوە کردەوە، کە کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا کۆتایی پێ هاتووە و پچڕانی کارەباش لەسەر هاووڵاتییان کۆتایی پێ دێت، بەڵام دۆخی بەردەوامیی کارەبا تەنها سێ هەفتە بەردەوام بوو، بە هاتنی شەپۆلی نوێی سەرما و بەفر بارین، دیسان کورت هێنانی کارەبا و پچڕانی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان دەستی پێ کردەوە. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن