راچڵەکین-
لە ژێر رۆشنایی ئابووری ئەمریکا و پشتبەستنی کابینەی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، نرخی بیتکۆینی بۆ 107 هەزار دۆلار بەرزکردەوە و لە ئێستاشدا ئەوە بە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆین دادەندرێت لە مێژوودا.
قۆناغەکانی بیتکۆین؛
5-12-2024 نرخی بیتکۆین ئاستی 100 هەزار دۆلاری بۆ یەکەم جار شکاند و ئەوکاتە نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە نزیکەی 104 هەزار دۆلار و پاشان گەڕایەوە بۆ 91 هەزار دۆلار کە ئەوەش بە دابەزینێکی چەند کاتژمێری بوو بەهۆی گۆڕانکاریی لە ئاستی پشک و بەهای دراوەکان.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی بیتکۆین بەرێژەیی لە 147.23٪ بەرزبووەتەوە و خێراترین گۆڕانکاریشی لە 5-11-2024 بەسەردا هات بەهۆی دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات سەرەتای ئەم ساڵ هەر بیتکۆینێک بە کەمتر لە 44 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
پاڵنەرەکانی بیتکۆین؛
سەرەڕای پاڵپشتییەکانی دۆناڵد ترەمپ، بیتکۆین هۆکارێکی تر لە پشتبەرزبوونەوەی ئەوەبوو کە لەلایەن ئەمریکاوە پەسندکردنی سندووقی وەبەرهێنانی بیتکۆین خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و پرۆسەی هاڵڤینگ 'کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بیتکۆین' هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئەو دراوە دیجیتاڵییەبوون.
یەکەم؛ سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نرخی بیتکۆین لە 50% زیاتر بەرزکردەوە.
دووەم؛گەشبینی بە رێکخستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان و بەیاساییکردنیان لە سەردەمی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکادا 37٪ نرخی ئەو دراوە دیجیتاڵیەیی بەرزترکردەوە.
سێیەم؛ پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوودە لە ئەمریکا بەرێژەی 60.23٪ نرخی ئەو دراوەی بەرزکردەوە.
نرخی بیتکۆین بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت؛
18-12 بە کاتی هەرێم کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە کاتژمێر 22:00ـی شەو دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە، بڕیارە لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی بازاڕی ئازادی ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی ئاشکرا بکات کە بە گوێرەیCME Fed Watch کە بەدواداچوون و پێشبینی بۆ هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات، 96٪ـی بازرگان و وەبەرهێنەران پێیانوایە کە بانکەکە لە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەدا رێژەی سوود 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
کاریگەری رێژەی سوودی بانکی؛
کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە دۆخێکی ئاساییدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، لە بەرامبەردا نرخی زێڕ، پشک و دراوە دیجیتاڵییەکان، لەنێویشیاندا بیتکۆین، بەرزدەکاتەوە کە پێشبینی دەکرێت بۆ هەر بیتکۆینێک بگاتە 120 هەزار دۆلار.
ئەم ساڵ لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی دووەمدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوو جار رێژەی سوودی کەمکردووەتەوە. ئێستا رێژەکە لە 5.50٪ـەوە بۆ 4.75٪ کەمبووەتەوە کە بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ بۆ 2791 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.