بانکی ناوەندیی عێراق: هیچ کۆمپانیایەکی فۆرێکس مۆڵەتی نییە

عێراق

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 292

راچڵەکین-

بە گوێرەی نوسراوێک کە کۆپیەکی دەست راچڵەکین کەوتووە، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا 49 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو سزا بدات کە لە "سپیکردنەوەی پارە بەشدارن" و  هۆشداریش دەدات لە کۆمپانیای ساختەی فۆرێکس.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە نوسراوێکدا داوای لە بانکەکان کردووە کە رێگە نەدەن ئەو 49 کۆمپانیایە سزادراوە بچنە ناو پەنجەرەکانی حەواڵەی دەرەکییەوە بە پێچەوانەوە سەرجەم لایەنە کەمتەرخەمەکان رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە. 

هەر بە گوێرەی نوسراوەکە، بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەدات لە بوونی کۆمپانیایی وەهمیی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و دراوە دیجیتاڵییەکان کە لە کەرتی بازاڕی دارایی فۆرێکس کاردەکەن و لە ئێستاشدا کۆمپانیای وەهمی هەیە بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی بە پشکەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقیان هەیە، چونکە بانکەکە مۆڵەت بەو کۆمپانیایانە نادات کە بازرگانی بە پشك، کانزا و دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەکەن.

بانکی ناوەندی جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەندێک لە بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی ئەو کۆمپانیا ساختانەیان بڵاوکردووەتەوە کە ناوی بانکی ناوەندی دەقۆزنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆمپانیای بازرگانی ئەلیکترۆنیی فەرمیی عێراقین و مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی بە دراوی دیجیتاڵی، پشک، زێڕ، و نەوت، ئەوەش بە پەخشکردنی ڤیدیۆ و بڵاوکراوەی ساختە و قازانجەکانیش لە ڕێگەی واڵێت رادەکێشرێنەوە و بەشێک لەو کۆمپانیایانە  لقیان لە پارێزگاکانی کەرکوک، موسڵ، هەولێر و سلێمانی هەیە.

بانکی ناوەندی هەر لە نوسراوەکەدا داوادەکات کە قوربانییانی ئەو کۆمپانیا ساختانە رێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە و  داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات پێش هەر مامەڵەیەک و گواستنەوەیەکی پارە، پێداچوونەوە بە ناوی ئەو دامەزراوە داراییانەی دەرەوەی کەرتی بانکی بکەن کە مۆڵەتی رەسمییان پێدراوە و لە ماڵپەڕی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوکراونەتەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن