راچڵەکین-
وەزارەتی پلاندانانی عێراق 14-12-2024، قۆناغی سێیەم و كۆتایی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و شوێنەكانی نیشتەجێبونی لە عێراق راگەیاند كە رێژەی96% تێپەڕاندووە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولزەهرە هنداوی،وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین رایگەیاند،لە ئێستادا قۆناغەکانی سەرژمێری گشتی تەواوبووە و تەنها قۆناغێک ماوەتەوە کە پەیوەستە بە كۆكۆكردنەوەی داتاکان لەبارەی دۆخی دانیشتوان و هاوڵاتیانی عێراق،کە سەرجەم لایەنەکانی تەندروستی و فێركاری و خزمەتگوزاری و دانیشتوان و چەند بوارێكی تریش لە خۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای كۆتایهاتنی ئەم قۆناغە پرۆسەی هێما و پۆلێنكردن و ریزبەنكردنی داتاكان دەستپێدەكات و پێشبینی دەكرێت ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی لە كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا رابگەیەنرێت و بەتەواوی کۆتایی بە پرۆسەکە بهێندرێت کە تەنها 4٪ـی قۆناغی کۆتایی ماوەتەوە.
باسی لەوەش کرد،ئەم قۆناغە وێنەیەكی گشتگیرو ورد لە دۆخی دانیشتوان فەراهەم دەكات و داتاكان دەبنە بنەمای پلاندانانی ستراتیجی لە دیاریكردنی كارە لەپێشینەكانی گەشەكردن و دابەشبوونی ناوەندی ئابووری لە ناوچە جیاوازەکاندا و ئەو داتایانە زانیاری ورد و قوڵ لەبارەی دانیشتوان لەخۆدەگرێت كە لە پارێزگاكانەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گەڕەكە بچوكەكانی دانیشتوان، ئەوەش وێنەیەكی روون لەبارەی تایبەتمەندیەكانی ژیانی دانیشتوان فەراهەم دەكات بۆ داهاتووی گەشەپێدانی ئابووری و دانیشتوانی عێراق.
20-11-2024 پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستیپێکرد، کە بەهۆیەوە رۆژانی20 و 21ـی ئەو مانگە کرایە پشووی فەرمی داوا لە هاوڵاتیان کرا، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا تاپرۆسەکە بە باشی و وردی بەڕێوەبچێت، هاوکات پرۆسەی سەرژمێری گشتی تا 14-12 بەردەوامبوو.