بۆ دابەزاندنی دوو کیلۆگرام لە مانگێکدا، ئەم رێنماییانە پەیڕەو بکە

تەندروستی

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 138

راچڵەکین-

شارەزای بواری خۆراک شالینی سوداکار لە رێنماییەکانی دابەزاندنی کێش و باشترکردنی تەندروستی بەگشتی جەختی لەوە کردەوە کە مرۆڤ دەبێت بە ئاگادارییەوە خواردن بخوات. 

بە گوێرەی "ئیندیەن تایمز"، سوداکار ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمی کالۆری ئەگەر بە ئاگادارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ئەنجامی نەرێنیی لێدەکەوێتەوە. 

ئەو پسپۆڕە باس لەوەش دەکات، خۆبەدوورگرتن لە خواردنی کاربۆهیدرات یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام لە بەرامبەردا ڕەنگە ببێتە هۆی ئارەزووی بەهێزی خواردن و ڕوودانی هێرشی برسێتی. 

ئەو پسپۆڕە خۆراکییە ئاشکرای کرد کە سنووردارکردنی کاربۆهیدراتەکان لە سەرەتادا دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی لەش، بەڵام دوای دوو بۆ سێ هەفتە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادەڕۆیی لە خواردن و دووبارە زیادبوونەوەی کێش. 

سوداکار سێ رێنمایی پێشکەش کرد بۆ یارمەتیدانی دابەزاندنی کێشی لەش بە نزیکەی ٢ کیلۆ لە مانگێکدا، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچیتە هۆڵی وەرزش یان ڕێجیمێکی توند پەیڕەو بکەیت، بەم شێوەیەی خوارەوە: 

١. خواردنی پرۆتین و سەوزەوات، پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە هەر ژەمێک هێندەی کوپێکی چا پرۆتین و کوپێکی هاوشێوە سەوزەی تێدایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی خواردنی کاربۆهیدرات کەم بکەیتەوە. 

٢. وەرزشکردن، شارەزایانی بواری خۆراک پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە رۆژێکدا بەلایەنی کەمەوە  کاتژمێرێک وەرزش بکرێت، شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، جگە لە هۆڵەکانی وەرزش، دەتوانرێت چالاکییە سادەکانی وەک پیاسەکردن ئەنجام بدرێت بۆ سووتاندنی کالۆری زیاتر. 

٣.خەوی باش، خەوتن پێش کاتژمێر ١٠:٣٠ی پاشنیوەڕۆ لەوانەیە کاتژمێری جەستەت و ئاستی کۆرتیزۆڵ رێکبخات، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵگرتنی چەوری و دابەزاندنی کێش دەبێت. 

 

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن