ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سودانی و بلینكن ئاشكرا دەكرێت

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین - 

سەرۆكوەزیرانی عیراق لەبەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆدەبێتەوەو پرسی سوریا گرنگترین تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بوو. 

ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بە سەردانێك گەیشتە بەغداو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبووەوە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیران عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا گۆفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پتەوكردنی هاریكاری نێوان عیراق و ئەمریكا تاووتوێكرا. 

تەوەرێكی تری كۆبوونوەكە، تایبەت بە پێشهاتەكانی بارودۆخی ناوخۆی سوریا دوای كۆتایی هاتنی حوكمی بەشار ئەسەدو گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە. سودانی جەختی لەسەر هەڵوێستی عیراق كردەوە بۆ پاڵپشتیكردنی سوریا لە قۆناغی ئێستاو بە گرنگیشی زانی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە ئیدارەدانی وڵاتەكەیان، لەپێناو روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و سەقامگیری ئەمنی. 

 سەرۆكوەزیرانی عیراق راشیگەیاند: نابێ رێگە بەهیچ لایەنێك بدرێت هێرش بكاتە سەر خاكی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە تێكبدات. 

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ عیراق دووپاتكردەوەو وتیشی:" پێویستە رێز لە بژاردەی گەلی سوریا بگیرێت و كاربكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە رەنگدانەوەی خواست و ئارەزووی گەلی ئەو وڵاتە بێت بەسەرجەم پێكهاتەكانییەوە". 

بلینكن جەختی لەسەر رۆڵی رنگی عیراق كردەوە كە هاوبەشێكی بنەڕەتیی ئەمریكایە لە ناوچەكە، راشیگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی و سەقامگیریی عیراق. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن