راچڵەکین-
سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی سوریا بەرووی هەموو ئەگەرەكاندا كراوەیە و لە ئێستاشدا سێ سیناریۆ هەیە دیارترینیان دابەشبوونی سووریایە.
سەلیم جەبوری، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەبارەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریاو كۆنتڕۆڵكردنی وڵاتە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە رایگەیاند، ئایندەی سوریا لەبەردەم سێ سیناریۆدایە و دیارترینیان دابەشبوونی ئەو وڵاتەیە.
لەبارەی سیناریۆکانەوە رایگەیاند، سیناریۆی یەكەم قۆناغی راگوزەرە كە تیایدا ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ واقیعی سوریاو وڵاتانی هەرێمی بكات و مەترسییەكان بڕەوێنێتەوە لەسەر ئاستی كۆمەڵگای سوری و نێودەوڵەتیش، بەوەی كە دەتوانێت ئیدارەی دۆخەكەو سەقامگیری وڵاتەكە بدات بەشێوەیەكی ئاشتیانە، بەجۆرێك پارێزگاری لە بەرژەوەندی گەلی سوریاو وڵاتان بكات.
باسی لەوەش کرد، کە سیناریۆی دووەم ئەوەیە، جۆرێك لەململانێی ناوخۆیی روبدات، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن شكستبهێنێت لە سیناریۆی یەکەم یان هەندێك لەوڵاتان وایبینن ئەو دۆخە پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانیانە، ئەوا هەوڵی شكستپێهێنانی ئەو ئەزمونە دەدەن بەجۆرێك دۆخە لە دەست دەربچێت، بەوەش توندڕەوی و توندوتیژی و ململانێی چەكداریی ناوخۆیی دروست دەبێت، كە عێراق لەم دۆخەدا پێویستە پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایشی خۆی بكات.
هاوکات لە بارەی سیناریۆی سێیەم و دیارترین سیناریۆی سووریا ئەوەی خستەڕوو، کە هەوڵێكی نێودەوڵەتی هەیە كە بەرەنجامی دۆخی ناسەقامگیری دەبێت دۆخی پارچەكردنی سوریا روبدات بۆ سێ پارچە، كە بەشێكی لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا دەبێت و، بەشێكی لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەشی سێیەمیش لەژێر دەستی گروچی چەكداری تردا دەبێت، هەرلایەكیشیان لەلایەن هەندێك وڵاتەوە پشتیوانی دەكرێن.