هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێم

ئابوری

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1252

راچڵەکین-

دوای ئەوەی داتاکانی هەڵاوسان وەک رێژە پێشبینیکراو بوو بۆ ئابووری ئەمریکا و بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ کڕینی ئاڵتوون، لەپاڵ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی زێر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا بە دوو هەزار و 711 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێڤیدار شعبان، راوێژکاری دارایی و شارەزای بازاڕە داراییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین رایگەیاند، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، لەلایەن بانکەکان و بازرگانانەوە پرۆسەی راکێشانی قازانجی هەفتانە دەستیپێکرد ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە زێر بەرێژەی 0.5٪ دابەزین بەخۆیەوە ببینێت کە لە بازاڕەداراییەکاندا بە " ریتێست" دەناسرێتەوە. 

سەرەڕای ئەوەی ئاماژە ئابوورییەکان بۆ بەهێزبوونی ئابووری ئەمریکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندی چین رایگەیاند کە زێڕی زیاتر دەکرێت و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام فراوانتر دەبێت نرخی زێڕ لە 2628 دۆلارەوە گەیشتە 2720 دۆلار. 

لە ئێستاشدا بازرگانان و بانکەکان چاویان لەسەر رێژەی سوودی بانکی و کۆتا گۆڕانکاری ئەمساڵە بۆیە ئاڵتوون لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و خۆی بۆ نرخی نوێ ئامادە دەکات. 

هاوکات نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم لە ژێرکاریگەری گۆڕانکارییە جیهانیەکاندایە، لەو رۆژانەشی کە بازاڕ نییە دەکەوێتە ژێرکاریگەری نرخی دۆلار بەهۆی ئەوەی زێڕنگران هەوڵدەدەن جیاوازی نرخەکان لە دراوەکاندا بەراورد بە مسقاڵەکان رێکبکەنەوە لە ئێستاشدا نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێم  4 بۆ 6 هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە. 

 

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەمشێوەیە مامەڵەی پێوەدەكرێت؛   

مسقاڵێك زێڕی عەیارە 18 بە 498 هەزار دینارە.   

مسقاڵێك زێڕی عەیارە 21 بە 582 هەزار دینارە.  

مسقاڵێك زێڕی عەیارە 22 بە 610 هەزار دینارە.     

مسقاڵێك زێڕی عەیارە 24 بە 666 هەزار دینارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن