راچڵەكین -
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش دەستگیركردنی تیرۆریستێكی شانەی راگەیاندنی داعش لەسنوری پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەشەوی ٢٠٢٤/١١/٢٢ لەئۆپراسیۆنێكدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانكردنی ناسنامە و شوێنی، توانیان تیرۆریستێكی شانەی راگەیاندنی داعش لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیربكەن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش لەعێراق تیرۆریستی دەستگیركراو (غازی سعود محمد مدفع) پەیوەندی بە داعشەوە كردووە و چەند خولێكی شەرعی و سەربازی بینیوە و دواتر وەك چەكداری ئەو گرووپە تیرۆریستییە لەیەكێك لەبازگەكانی داعش بووە، دوای لەناوچوونی داعش لەعێراق ڕووی لە ووڵاتی سوریا كردووە و لە ساڵی ٢٠١٧ گەڕاوەتەوە عێراق و لەهەرێمی كوردستان لەناوچەی شوان نیشتەجێ بووە و شوانی كردووە، پاشان بەمەبەستی كاركردن چووەتە قەزای بازیان، جارێكی تر وەك ئەندامی شانەی راگەیاندن بەیعەت بەداعش دەدات و بەمەبەستی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان، چەند گرتە ڤیدیۆییەكی بارەگا سەربازییەكانی حكومەتی عێراق و قەزای چەمچەماڵی تۆماركردووە بەناوی وویلایەتی سلێمانی و كەركوك ناوی بردوون و لەتۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوكردووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشكرایكردووە، دوای لێكۆڵێنەوە و بەدواداچوونی تیمە تەكنیكی و سەربازییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، تیرۆریستەكە دەستگیركراو لەئێستادا بەماددەی (٢)ی تیرۆر راگیراوە و رووبەڕووی یاسا كراوەتەوە.