راچڵەکین-
لەگەڵ دەنگۆیی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، بەهای لیرەی سووری لەبازاڕەکانی هەرێم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتیش 8-12-2024 کە لەچەند کاتژمێرێکی کەمدا بەرێژەی 49.5٪ بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئابووری سووریا لەبەردەم هەژموونێکی نوێدایە ئەوەش وایکردووە لیرەی سووری بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، سەرەڕای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بەردەوامن بەڵام لە ناوخۆی هەرێم خواستێکی زۆری بۆ دروستبووە و بەهۆی زۆری خواستەوە نرخی یەک ملیۆن لیرە گەیشتە 248 هەزار دینار.
نرخی لیرەی سووری پێش دوو هەفتە؛
لیرەی سووری لە پێشتردا لەژێر هەژموونی سیاسەتی بانکی حکومەتی سووریایی بەشار ئەسەدا بوو، ئەوەش وایکردبوو لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دابەزینی هەلی کار و بەرزبوونەوەی رێژەی پەنابەری سووری بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەر بێت بە 100 هەزار دینار.
دابەزینی بەردەوامی لیرەی سووری لە ماوەی ساڵی 2011 تا سەرەتای هەفتەی رابردوو بەهۆی سیاسەتی بانکی ناوەندییەوە بووە کە راستەوخۆ لەژێر هەژموونی بەشار ئەسدا دەچوو بەڕێوە لەو بارەیەشەوە، ئەحمەد عەبدولکەریم، لە هۆبەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی سوریا ئەوەی بۆ راچڵەکین ئاشکراکرد، سیاسەتی نەختینەی بانکەکە بەهۆی گۆڕانکاری و دابەزاندنی خواستی بازرگانی بەرامبەر بە لیرە ئەو شکستەی گەورەیەی بەخۆیەوە بینی.
نرخی لیرەی سووری دوای رووخانی ئەسەد؛
بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی سووری لە چەند رۆژی رابردوودا هۆکارەکەی پەیوەستە بە تەواوبوونی ئاڵۆزییەکان لەنێوان سووپای سووریا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا ئەوەش وایکردووە متمانەی بەکاربەران بەرامبەر بە لیرەی سووری بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
هاوکات لەگەڵ رووخانی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی سووریا لەلایەن گروپە چەکدارەکان، ئاماژەیەکە بۆ کۆتایی هاتنی گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان، چونکە لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا بووە.
بەرەبەیانی ئەمرۆ و دوای گەڕاندنەوەی سەدان ملیۆن لیرەی سووری بۆ بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە، بەهای لیرەی سووری بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک بەهای یەک ملیۆن لیرە لە 67 دۆلارەوە بۆ 160 دۆلار بەرزبووەوە.
لەلایەکی دیکەشيوە، خواستی لیرە لەبازاڕەکانی هەرێم توانی 148 هەزار دینار لەسەر بەهای لیرەی سووری بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبکاتەوە ولە ئێستاشدا بەهای ئەودراوە 248 هەزار دینارە.