راچڵەکین-
لە میانەی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا و داخستنی سنوری نێوان عێراق ، سووریا ، بەردەوام سوپای عێراق بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵات لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی دەرەکی جەخت لەسەر تواناکانی خۆی دەکاتەوە .
هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سوپای عێراق خاوەنی توانایەکی بەرزە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خاکەکەی و ئاماژەیان بۆ بوونی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی لە ڕێگەی کڕینی سیستەمی مۆدێرن و پێشکەوتووەوە کردووە.
پێشریش تەحسین ئەلخەفاجی سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو، خەرجییەکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی عێراق و کڕینی ڕاداری پێشکەوتوو و سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو، ئەمە جگە لە باشترکردنی تواناکانی ئێستا لەڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام و کڕینی چەکی نوێ.
جبە خانە و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق؛
سوپای عێراق لەسەرەتایی دروستبوون و بنیاتنانیەوە بە چەندین هەژموونی نوێدا تێپەڕیوە و چەندین جەنگی ناوخۆیی و دەرەکی کردووە، بەڵام عێراق چەکەکانی هەمیشە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەو سەرکەوتن و شکستانی بووە.
عێراق دوای تێپەڕبوونی ٢١ ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، ئەم سوپایەی ئێستا هەیەتی کە لەم ساڵدا پێکهێندرایەوە، بەڵام دووبارە و جارێکی دیکە لە کۆتایی 2024 مەترسی هەیە کە ڕووبەڕووی یەکەم ئاڵنگاری و شەڕی دەرەکی ببێتەوە.
هێزی وشکانی عێراق توانا سەربەزییەکانی بەم شێوەیەیە؛
سوپای عێراق لە ساڵی کۆتایی ساڵی 2023ـدا لە پلەی ٤٥ـەمینی جیهاندا بووە.
هاوکات ژمارەی ئەو سەربازانەی کە لە ئەرکدان بە نزیکی ٢٠٠ هەزار سەربازی مەزەندە دەکرێت و جگە لە بوونی ١٣٠ هەزار چەکداری دیکە لە هێزی نیمچە سەربازییەکانی عێراق، بەڵام لە ئێستادا هیچ هێزێکی یەدەگی نییە و خەرجی هێزی وشکانی خەرجییەکانی نزیکەی ٥ ملیار و ٧٥٤ ملیۆن دۆلارە.
هەروەها خاوەنی ٩٢٣ تانکی جۆراوجۆرە کە هەندێکیان ڕووسین، هەندێکی دیکەیان ئەمریکی و بەشێکیشیان دروستکراوی عێراقە.
لەلایەکی دیکەشيوە، جبەخانەی هێزی وشکانی عێراق ٣٩ هەزار ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆراوجۆر و قەبارەی جیاواز لەخۆدەگرێت.
عێراق خاوەنی ٢٨١ تۆپهاوێژی خۆکار و هەزار و ٤٢٦ تۆپهاوێژ گوێزەرەو زیاتر لە ٤٢٤ هەڵدەری مووشەک و ٢٤ سیستمی مووشەکی پشکەوتوو.
هێزی ئاسمانی عێراق؛
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا عێراق هێزێکی ئاسمانی کاریگەری هەبووە کە لە ڕێگەیەوە چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر گروپە تیرۆرستییەکان ئەنجامداوە و تا ئێستاش چالاکی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق لە سەر سنوور و ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەردەوامی هەیە.
جبەخانەی هێزی ئاسمانی عێراق پێکهاتووە لە ٣٣ فڕۆکەی شەڕکەر، ١٦ فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی و ١١٢ فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، وە خاوەنی ٢٠٣هەلیکۆپتەری سەربازی و گوێزەرەوەیە، جگە لەوەش خاوەنی ٧ سیستمی راداری پێشکەوتوو و ١٤ فرۆکەی بێفرۆکەوانی جەنگییە.
هێزی دەریایی عێراق؛
هێزی دەریایی عێراق نزیکەی ١٧ ساڵ دوای پێکهێنانی سوپای عێراق پێکهێنرا، و بە چوار کەشتی دەستیپێکرد، کە دواتر ئەرکی پاراستنی کەناراوەکانی عێراق و ناوچە ئابوورییەکانیان پێسپێردرا، لە ئێستاشدا هێزەی دەریایی عێراق خاوەنی ٦٣ یەکەی دەریایی و ٢٦ کەشتی راهێنانە کە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە بۆ پاراستنی سنووری ئاوی عێراق.