راچڵەكین -
حكومەتی عیراق هەڵوێستی لەبارەی كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی سووریا بەلای عیراقەوە زۆر گرنگەو پێویستە رێزیش لە خواستی گەلی سووریا بگیرێت.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی عیراق چاودێریی پێشهاتەكانی بارودۆخی سووریا دەكات و لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا بەردەوامە بەمەبەستی سەقامگیركردنی دۆخەكەو پاراستنی ئاسایش و سیستمی گشتی و گیانی هاووڵاتیانی سوریا.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، عیراق جەخت لەسەر رێزگرتن لە خواستی ئازادانەی سەرجەم هاووڵاتیانی سووریا دەكاتەوە، ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتەش كارێكی زۆر گرنگە بەلای عیراقەوە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، وڵاتەكەی پاڵپشتی لەهەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان دەكات بۆ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ كە هەموو گۆڕەپانی سووریا بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە لەخۆبگرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەلی سووریا، بەئامانجی گەیشتن بە پەسەندكردنی دەستورێكی فرەیی كە مافی مرۆیی وهاووڵاتیبوون لەو وڵاتە بپارێزێت.
باسم عەوادی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە حكومەتی عیراق بەگرنگی دەزانێت دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی سووریا نەكرێت و پاڵپشتی هیچ لایەنێك لەدژی لایەنێكی تر نەكرێت، كە دەبێتە هۆی ناكۆكی و لێكدابڕانی زیاتر لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە.