راچڵەکین-
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد زیندووە، بەڵام لەبارەی شوێنی مانەوەی ئەو ناتوانێت هیچ شتێک بڵێت، جگە لەوەی کە بەشار ئەسەد لە دەرەوەی خاکی سووریا دەمێنێتەوە. وتیشی، "هەسەدە وەک هەر ئۆپۆزسیۆنێکی تری سووریایە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی لە قەتەر رایگەیاند، ئەوان بەر لە چەند مانگێک دەیانزانی کە دۆخێکی نەخوازراو بۆ سووریا دێتە پێشەوە و چەندین جاریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ویستی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵاتووی سوریا کۆبێتەوە.
ئاماژەیی بەوەش کرد، حکومەتی سووریا چەندین دەرفەتی لەبەردەمدا هەبوو، تا بتوانێت هەڵەکان چارەسەر بکات بەڵام هیچ هەوڵێکی نەدا ئەوەش وایکرد بگاتە بەم رۆژەی کە رووخانی خۆیی ببینێت.
رۆڵی تورکیا لە سووریا چۆن دەبێت؛
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەوان هەماهەنگی سووریا دەکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و ژینگەیی لە خاکی سووریا بۆ ئەومەبەستەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سووریا گەیشتوونەتە رێککەوتن و هەوڵیش دەدەن پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت. وتیشی، " پێویستە سەرجەم گروپەچەکدارەکان و دانیشتوانی سووریا هەماهەنگی یەکتریبکەن تابتوانن دووبارە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە".
" هیچ مەترسییەک بۆ دروستبوونەوەی گروپە تیرۆرستەکان نییە"
هاکان فیدان، لەو بارەیەوە ئەوەی خستەروو، گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و هەسەدەش میکانیزمێکی دیاریکراوی خۆیان هەیە کە پەیوەندی پێکەوەدەکەن هەر بۆیە هەوڵدەدەن لەرێگای پەیوەندییەکانەوە رێگە لە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستییەکان بگرن، لە ئێستاشدا مەترسیی نییە بۆ دروستبوونەوەی گروپە تیرۆرستییەکان.