سەرۆک وەزیرانی سووریا لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە دیاریکرا

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1310

راچڵەکین-

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن  سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە کۆشکی سپی بەوردی  چاودێریی ئاڵۆزییەکانی سووریا دەکەن. وتیشی، " بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لەسەر هێڵین". 

ئەمڕۆ یەکشەممە، شۆن ساڤێت، وتەبێژی  ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،  جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە نزیکەوە، چاودێری رووداو ئاڵۆزییەکانی سووریا دەکەن و بەردەوامیش لەگەڵ هاوپەیمان وهاوبەشەکانیان لەسەر هێڵن. 

 

لەلایەکی دیکەشەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستەی تەحریر شام کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەختی راگەیاند. 

لەبەرامبەریشدا، ئەفسەرانی سووپای سووریاش رایانگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئێستای سووریا بە فڕۆکە دیمەشقی پایتەختی بۆ شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە.

" سەردەمی نوێێ سوریا دەستیپێکرد "

هاوکات، دوای راگەیەندراوەکەی ئەفسەرانی سووپای سوریا، لە کەناڵی تەلەفزیۆنی سوریا و میدیا ناوخۆییەکانی سووریاوە  راگەیەندراوێکی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، سەردەمێکی نوێ بۆ سووریا دەستیپێکردووە، وە سەردەمێک دەبێت کە هەموو سووریایەک تێیدا ئازاد و یەکسانە. 

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرجەم کاری حکومەت و دەوڵەت لەژێر دەسەڵاتی محەممەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا دەبێت، تاوەکو قۆناخی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەم شێوازە بەردەوامدەبێت. وتیشی، " دامەزراوە ئابوورییەکانی وڵات هێڵی سوورن و دەبێت بپارێزرێن". 

محەممەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا رایگەیاند، ئامادەن کار لەگەڵ هەر کەسێک و لایەنێکدا بکەن کە گەلی سووریا هەڵیدەبژێرێت و داواشی لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد پێکەوە بۆ بنیاتنانی قۆناخی داهاتوو کار بکەن. وتیشی، " پێویستە هەموو لایەک ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە بکەن". 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن