راچڵەکین-
بەشار ئەسەد، کوڕی حافز ئەسەد کە لە ساڵی 2000 دوای گیانلەدەستدانی باوکی پۆستی سەرۆکایەتی سوریای گرتە ئەستۆ، بە 19هەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریا و سکرتێری گشتی پارتی بەعسی سوریاش بووە.
رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی سوریا بڵاویکردەوە، کە بەشار ئەسەد، کە لە تەمەنی 34 ساڵیدا بوو بە سەرۆک کۆمار، سەرەتا وەک چاکسازیخواز و هیوایەک بۆ گەلی سووریا سەیر دەکرا کە دەتوانێت کۆتایی بە ساڵانێک لە سەرکوتکردنی سەردەمی حافز ئەسەدی باوکی بهێنێت، بەڵام ئەم وێنە ئومێدبەخشە هەر زوو نەما و حکومەتەکەی بەردەوام چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیران و ئەندامانی بزووتنەوەی "بەهاری دیمەشق"ی دەسبەسەر و زیندانی دەکرد بە هەمان شێوەی حکومەتەکەی باوکی.
هەروەها لە ماوەی شەڕی ناوخۆی 13 ساڵەی سوریادا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و سەرکوتی خوێناوی گەلی سوریا تۆمەتبار کرا، بەهۆی ئەوەی شەڕێک کە تێیدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی سووری کوژران و نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون مۆرکی دیکتاتۆریەتی لەسەر بەشار ئەسەد نەخشاند.
ئاژانسی بڵومێرگ لەبارەی 13 ساڵيی جەنگی سوریا بڵاویکردەوە، سەرەڕای دیکتاتۆری و جەنگە خوێناوییەکانی سووریا، بەڵام ئەسەد توانی بە پشتیوانی سەربازی ئێران و ڕووسیا گەرەنتی مانەوەی سیاسی خۆی تا ئەمڕۆ بکات.
بەشار ئەسەد، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 رووبەڕووی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەهاری عەرەبی بووەوە، یاخیبوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەرکوت کرد و بە هاوکاری ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران، توانی بەشێکی زۆری سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە کە خۆی لە شەڕی ناوخۆدا دۆڕابوو.
"دوای 13 ساڵ لە شەری ناوخۆ، کۆتایی بە حکومی بەشار هات "
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، لە 27-11-2024 و تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە شەڕی لوبنان، هێرشێکی بەرفراوانی یاخیبووان لە دژی حکومەتی سوریا شارەکانی وەک حەلەب و حەمای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا و کۆتایی بە جەنگی 13 ساڵەی ناوخۆیی سووریا کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 ساڵە هێندرا.