راچڵەکین-
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات نزیکەی یەک لەسەر سێی زیندەوەرانی جیهان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە تا کۆتایی ئەم سەدەیە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەگەر پلەکانی گەرمای جیهان بەڕێژەی 1.5 پلەی سەدی لە سەرووی مامناوەندی پلەی گەرمی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە بەرزببێتەوە، ئەوا لەناوچوون بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خێراتر دەبێت، بەتایبەتی بۆ گیانلەبەری دوورگە و ناوچە شاخاوییەکان.
لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە پلەی گەرمی زەوی نزیکەی یەک پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر پلەی گەرمی و شێوازی بارانبارین هەبووە.
لە کاتێکدا رەنگە هەندێک جۆری گیانلەبەر لە وەڵامی گۆڕانکارییەکانی ژینگەدا خۆیان لەگەڵ بارودۆخدا بگونجێنن یان کۆچ بکەن، بەڵام هەندێکی دیکە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە توندانەی ژینگەوە ناتوانن بژین، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەکانیان تا لەناوچوون.
هەڵسەنگاندنە جیهانییەکان پێشبینی زیادبوونی مەترسی لەناوچوونیان بۆ زیاتر لە ملیۆنێک جۆر گیانلەبەر کردووە، بەڵام زاناکان بە روونی تێناگەن کە ئەم زیادبوونی مەترسیانە چۆن پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
هـ . یـ