لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە بارەی دۆخی سووریاوە دەمەقاڵێ دروست بوو

ڕاپۆرت

04/12/2024     ژمارەی بینراو 239

راچڵەکین- 

بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان، لەمیانەی تاوتوێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەنێوان نوێنەرانی ئەمریکا و رووسیا دەمەقاڵێ دروستبووە. 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی دەمەقاڵێی نێوان نوێنەرەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و پێشھاتەکانی حەلەب ئەنجامداوە و لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا گێیر پێدەرسن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، باسی لەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە هۆشداری لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سووریا دراوە، ھەروەھا نابێت دۆخەکە بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی لە ناوخۆ و ناوچە سنورییەکانی سووریا زیادیکردووە. 

 

ئەوەشی خستە روو، لە ھەفتەی رابردوودا، گۆڕانکاریی گەورە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە سووریا روویدا و بووە ھۆی گۆڕانکاریی لەو دۆخەی کە نزیکەی چوار ساڵ کۆنترۆڵکرابوو، بەڵام ئەوەی ئێستا روویداوە بۆ ھەندێک لایەن سەرچاوەی ھیوایە و بۆ ھەندێک لایەنی دیکەش جێگای نیگەرانییە. 

 

وتیشی، " ئێمە پێویستمان بە ھێورکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان ھەیە، وەبیری سەرجەم لایەنەکان دەهێنمەوە کە پێویستە پابەندبن بە یاسای نێودەوڵەتی و چارەسەرێکی سیاسیش بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی سووریا بدۆزنەوە". 

 

هۆکاری دەمەقاڵێی نوێنەرەکان؛ 

 لە میانی دانیشتنەکەدا ناکۆکی و دەمەقاڵێی توند لەنێوان ڤاسیلی نیبێنزیا  نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆبێرت وود جێگری نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دروست بووە. 

هاوکات ئەو نوێنەرە ھەمیشەییەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ھیچ وڵاتێکی رۆژئاوا داوای ئەنجامدانی ئەم دانیشتنەی نەکردووە، و ھیچ شاندێکی وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتی ئەم دۆسیەیەی نەکردووە، لەنێویاندا ئەمریکا، چونکە وادەردەکەوێت کە هیچ  پەیوەندییان بە دۆخی سووریاوە نەبێت یاخود بۆیان گرنگ نەبێت. 

 

ھەروەھا ڤاسیلی نیبێنزیا ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە ھەوڵدەدەت لە میانی بە سیاسیکردنی گفتوگۆکان دووبەرەکی دروست بکات. وتیشی، " ئێمە وەک رووسیا  بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە دەستەی تەحریر شام دەستیان پێکردووە و بووەتە مایەی شڵەژانی سەقاگیریی و ئاڵۆزکردنی دۆخی سووریا".

 

نوێنەری ئەمریکا چۆن وەڵامی دایەوە؛

 لەبەرامبەردا ڕۆبێرت وود جێگری نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە پێشڕەوییەکانی ھەفتەی رابردووی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتی سووریا  کرد. وتیشی، " پابەند نەبوون بە بڕیاری 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ئێستای دروستکردووە  و سەرجەم لایەنەکانی ناوخۆی سوریا لەوە بەرپرسیارن". 

 

ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئێران، ڕووسیا و حیزبوڵڵا لە ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا و جەختی لەوە کردەوە: " ئەم سێ لایەنە بەم دواییانە،  لە ناوچەکانی دیکەوە سەرقاڵ بوون بۆیە لە چەند ڕۆژی رابردوودا بینیمان کە چەند لایەنێکی دیکە لە سووریا ھەوڵیانداوە سوود لەم دۆخە وەربگرن کە ئەمەش دۆخێکی ئاساییە بۆ ئێمە  چونکە هەمیشە چاوەڕێی ئەوەمان لێکردوون".

 

جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا "دەستەی تەحریر شام-ی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندووە، ھەروەھا حکوومەتی ئەمریکا ھیچ پەیوەندی بەو ھێرشانەوە نییە کە ئێستا لە سووریا ئەنجام دەدرێن و ئەمریکاش بۆ ئەودۆخە نیگەرانە، بۆیە دەبێت کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە بکرێت". 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن