لێدوانی وەزارەتی نەوت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ راچڵەکین

ڕاپۆرت

02/12/2024     ژمارەی بینراو 403

راچڵەکین-

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چاوگێکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێڕاق لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین رایگەیاند ، تا ئێستا گفتووگۆ لەبارەی رێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تاوتووێی هەموواری یاسای نەوت و غاز دەکەنەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی بۆ راچڵەکین ئاشکراکرد، تا ئێستا وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان سەرەتایین و لە قۆناغی سەرەتاشدا بەغدا ئامادەیە 16 دۆلاری خەرجی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت  بداتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هاتوو راپۆرتەکان ئەوەیان دەرخست کە هەرێم بەشێوەیەکی کارگێڕی و هوونەری  پێویستی بە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکان لە ئێستادا سەرەتایین و بەپێی قۆناغ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و لەم قۆناغەی ئێستادا، عێراق تەنها بڕی 16 دۆلار وەک خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دەداتە هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق زۆرترین ئاستی خەرجی نەوت بە 12 دۆلار تۆمارکرابوو، ئەوە گرفتی بۆ هەناردەی نەوت دروستکردبوو لە رابردوودا هەر  بۆیە کۆمپانیایەکی بیانی بۆ خەمڵاندنی خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات. 

خەمڵاندنی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت؛

 بەگوێرەیی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییانەی کە لە  نێوان هەرێم و بەغدا کراون، کۆمپانیایەکی بیانی تایبەت بە خەمڵاندنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی 60 رۆژ  سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەردەکاتەوە و ئەم بەسەر کردنەوەیەش بەهۆیەوە کۆمپانیاکە دەتوانێت راپۆرتێک لەبارەی ئەو خەرجیانەوە بنوسێت کە هەرێم پپێویستیەتی بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت. وتیشی، " ئەم کۆمپانیایە بڕیاری کۆتایی دەداتە دەست وەزارەتی نەوتی عێراق چونکە ئەو خەمڵاندنی تەواوەتی بۆ  سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیا بیانییەکە عێراق بڕیار لەسەر خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەدات، وەک لە ئێستادا داوای 16 دۆلار کراوە، لە ئەگەری ئەوەی ئەم کۆمپانیایە پاڵپشتی ئەو خەرجییە نەکات ئەوە بەگوێرەی بودجە تەنها 6 دۆلار خەرج دەکرێت ".

 

هۆکاری ناکۆکییەکان لەبارەی نەوتەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؛

 یەکەم؛ لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، بەڵام حكومەتی هەرێمی کوردستان و كۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بەم نرخە رازینین و داوای 22 دۆلار دەکەن.
دووەم؛ ماددەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا بڕی 6 دۆلار دیاریکراوە، کە ئەوەش زۆر کەمترە لەو بڕەی کە هەرێم دەیدات بە کۆمپانیا نەوتییەکان.

لە ئێستادا هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەو ماددەیە دەدرێت و لە بری 6 دۆلار بڕی 16 دۆلار وەک خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و  بۆ ئەومەبەستەش لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی ئامادەدەکات و  رادەستی وەزارەتی نەوتی دەکات تا بتواندرێت گفتوگۆی کۆتایی لەبارەوە بکرێت و لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رۆژی  25ـی ئازاری 2023ـەوە بە بڕیاری دادگای باڵای ناوبژیوانی فەڕەنسا، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تا ئێستا نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بووە، بۆیە هەناردەی نەوتی هەرێم پەیوەستە بە هەمواری یاسای نەت و غاز و راپۆرتی دارایی کۆمپانیا بیانییەکان کە کاری خەمڵاندنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمیان گرتووەتە ئەستۆ، پاشان رێککەوتن لەبارەی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەوە دەکرێت. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن