گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا عێراق دەگرێتەوە؟

ڕاپۆرت

30/11/2024     ژمارەی بینراو 324

راچڵەکین-

فەرماندەیەکی سوپای سوریا بە راچڵەکین نیوزی رایگەیاند، بەشێک لە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گروپە هاوپەیمانەکانی کە بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون گەیشتوونەتە ناو شاری حەلەب و فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی عێراقیش دەڵێت، "هیچ مەترسییەک لەسەر خاکی عێراق نییە و بە تەواوی سنووری عێراق کۆنترۆڵ کراوە".

ئەمڕۆ شەممە، محەمەد عەبدولوەهاب فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، سەروەری خاکی عێراق تەواوی ناوچە سنوورییەکانی پارێزراوە و رێگەش بە هیچ پێشێلکارییەک و پەلکێشکردنی جەنگ بۆ ناو خاک و سنووری عێراق نادەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، محەمەد کەرەم، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای سوریا بە راچڵەکین نیوزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پێشڕەوی گروپە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و گروپە هاوپەیمانەکانیان کە بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون بەردەوامە و توانیویانە نیوەی حەلەب کۆنترۆڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا نزیکەی ٢٦٠ کەس بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپا و گروپەچەکدارەکان کوژراون، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هێزی پاڵپشتی لە هاوپەیمانانی سوریاوە کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی راچڵەکین نیوز کە لە سەرچاوە خۆجێیەکانی سوریاوە دەستی کەوتووە، لە شەوی رابردووەوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا و سوریاوە کە بە (هاوپەیمانی ئاسمانی سوریا و روسیا) ناسراوە زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر گروپەچەکدارەکان ئەنجامدراوە و لە ئەجامدا زیاتر لە ٢٠٠ ئەندامی گروپەچەکدارەکان کوژراون.

هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، ئەوەی لە حەلەب روودەدای پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریایە بۆ ئەومەبەستەش ئەوان پاڵپشتی لە حکومەتی سوریا دەکەن.

هـ.شـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن