مەسک بە نیازە رکابەری "چات جیپیتی" بکات

هەمەڕەنگ

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 118

ئیلۆن مەسک

راچڵەکین -

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیای زیرەکی دەستکرد xAI کە خاوەنەکەی ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسکە، نزیکە لە خستنەبازاڕی بەرنامەیەکی نوێ هاوشێوەی بەرنامەی ChatGPTـی OpenAI. 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ڕەنگە تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو ئەپەکە ئامادە بێت بۆ خستنەبازاڕ. 

ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی ڕوونە لەلایەن مەسک و کۆمپانیاکەى xAI بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ OpenAI، ئەو کۆمپانیایەی کە مەسک هاوبەشی دامەزراندنی بووە پێش ئەوەی لە ساڵی 2018 بڕوات. 

شایانی باسە کە مەسک سکاڵای یاسایی لەسەر ئۆپن ئای و هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێستای کۆمپانیاکە سام ئاڵتمان تۆمار کردووە و  لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دامەزراندنی کۆمپانیاکەدا "فریودراوە". 
لە ساڵی ڕابردووەوە کە کۆمپانیای xAI دامەزراوە، خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە کۆمپانیاکانی دیکەی مەسک کردووە، لەوانە پشتگیری زیرەک بۆ کڕیارانی ستارلینک، هەروەها پەرەپێدانی چاتبۆتێک کە بە “Grok” ناسراوە، کە لە ئێستادا تەنها بۆ ئەو بەشداربووانە بەردەستە کە ئەکاونتی پریمیۆمیان لەسەر پلاتفۆرمی X هەیە، کە مەسک لە ساڵی ٢٠٢٢ کڕی. 

لە ئێستادا بەهای xAI 50 ملیار دۆلارە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە، بەم شێوەیەش بەهای کۆمپانیاکە ٤٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاند، کە هەمان ئەو بەهایەیە کە مەسک بەڵێنی داوە بۆ بەدەستهێنانی پلاتفۆرمی ئێکس. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن