ئیسرائیل و حزبوڵڵا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 125

راچڵەکین

لە دووەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە. 

 هاوکات هێزی ئاسمانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەکەی هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەیەک لە باشووری لوبنان کە حزبوڵڵا بۆ هەڵگرتنی مووشەکەکانیان بەکاریان هێناوە. 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە، ئەگەر ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت، ئامادە بن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی قورس. 

ناتانیاهۆ بە کەناڵ ١٤ـی ئیسرائیلی راگەیاندووە: بە هێز ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکەین. بەڵام من فەرمانم بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە لە ئەگەری پێشێلکردنی چوارچێوەی ئاگربەست، ئەگەر پێویست بوو ئامادەبێت بۆ شەڕێکی توند. 

لە لایەکی دیکەوە حەسەن فەزڵوڵڵا نوێنەری حیزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد. 

سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە قەدەغەی هاتوچۆی درێژکردەوە بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆی دانیشتوانی باشووری لوبنان لە باشووری رووباری لیتانی، بەپێی فەرمانی سوپای ئیسرائیل، هاتوچۆ لەو ناوچانە لە کاتژمێر پێنجی ئێواران تا حەوتی بەیانی بەکاتی ناوخۆ قەدەغەیە. 

ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاتژمێر ١٠ بە کاتی ناوخۆی ئیسرائیل دەستی پێکرد و هەردوولا رێکەوتن کە پێوەی پابەند بن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن