فەرەنسا لە هەڵوێستی بەرامبەر نەتانیاهۆ پاشگەزدەبێتەوە

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 225

راچڵەكین-

حكومەتی فەرەنسا لە هەڵوێستی بەرامبەر جێبەجێكردنی یاداشتەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، پاشگەزدەبێتەوەو رایدەگەیەنێت: نەتانیاهۆ حەسانەی هەیەو ناكرێ دەستگیربكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەرچەندە پاریس پابەندە بە جێبەجێكردنی بڕیارو یاداشتەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام كەسێكی وەك بنیامین نەتانیاهۆ بەوپێیەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلە، خاوەنی حەسانەیە. 

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەكراوە، حكومەتی فەرەنسا پشت بەو پەیماننامانە دەبەستێت كە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووەو پەیوەستە بە حەسانەی ئەو وڵاتانەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نین، ئەو جۆرە حەسانەیەش سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێتەوەو ناكرێ دەستگیر بكرێت. 

ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دوای رۆژێك دێت لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی حكومەتی ئەو وڵاتە، كە تێیدا ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بۆ جێبەجێكردنی یاداشتەكەی دادگای لاهای تایبەت بە دەستگیركردنی نەتانیاهۆو وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل بەتاوانی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆایەتی لە كەرتی غەززە.

 رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەسەر داوای كەریم خان، داواكاری گشتی دادگاكە، یاداشتی دەستگیركردنی بۆهەریەك لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەركرد، بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە كەرتی غەززە، چەند وڵاتێكی ئەوروپا پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێكردنی یاداشتەكە نیشاندا، بەڵام وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا، بەناڕاستەوخۆ رەتیانكردەوە یاداشتەكە جێبەجێ بكەن.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن