حكومەتی هەرێم لەبارەی سێ مووچەی ئەمساڵ روونكردنەوە دەدات

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 293

راچڵەكین -

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت لە هەوڵەكانی بەردەوامە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە تایبەتی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست راچڵ‌كین كەوتووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێكی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەركەوتوویی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەكە خستەڕوو. 

وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێكار و هەنگاوەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم  دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەكی دروست بۆ دانیشتووان كە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێكی دیكەی سیاسیی، بەكار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێك، نەبێتە جێگرەوەی ڕێكار و میكانیزمە دەستووریەكان، بە تایبەتیش لە ناوچە كوردستانیەكانی دابڕێنراو لە هەرێمی كوردستان، كە دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەكانی حكومەتی هەرێم جێگیركران. 

دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاكانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو كە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو، كە پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، بكرێتە بنەما بۆ دەستنیشانكردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە لای حكومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی كورد لە دامەزراوە دەستووریەكانی فیدڕاڵ و دیاریكردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانكراو و خەرجی و تەرخانكراویی دارایی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بكەن تا بۆ پڕۆژە و چالاكییەكانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندكراوەكانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت.

وەزیری پلاندانان لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەی،  ئاماژەی دا بە قۆناخەكانی دیكەی پرۆسەی سەرژمێریی، كە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش ، بەراوردكردنی زانیارییەكان (مقاگعە البیانات) لە ناوچە كوردستانیەكان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێككەوتون.

ئەنجومەنی وەزیران،  وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش كوردی ناوچە كوردستانیەكان كە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربوون لە سەركەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانكاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەكەی و سەرۆكی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و فەرمانبەران و كارمەندانی دەستەكە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی كە بەشدار بوون لە پرۆسەكە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كرد كە هاوكار بوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەكە بەرز نرخاند.

لە هەمانكاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەكردنی سەدان هەزار كەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی كوردستان لە قەزای شێخان و زلكان و كەڵەكچی و ناحیەی فایدە و بەشێك لە قەزای سێمێل و قەزاكانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوایكرد كە حكومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێكارە  ڕاست بكاتەوە و ئەو خەڵكانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی كە هەرێمی كوردستانە. 

ئەنجومەنی وەزیران سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەكردنی نووسراوێك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی كە لە كۆبوونەوەكە پەسەند كران، بە ئاراستەی ئەوەی كە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ،ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، بكرێتە بنەما بۆ دیاركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە گشت شایستە دەستووریەكانی خۆی لە حكومەتی فیدڕاڵ. 

بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێك لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار تایبەت بە پاژەكردن ( بەقیستكردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆكار وەردەگیرێت، كە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەكان دروستكردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەمواركراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە، كە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە كە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون ، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی كردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەكان. 

ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەكەی پەسەند كرد، وەك ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە یاساكانی ئاماژەپێدراو، دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیە ، كە بڕی پارەی تەملیكی زەویەكە بە یەكجار بدەن. 

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە كرایەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵەكانی بەردەوامە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەك لە دوا كۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە بابەتی مووچە، تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی نەكرێت و وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەك شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەكانیان، هاوشێوەی هاوتاكانیان لە ناوچەكانی دیكە.
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن