راچڵەکین-
سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی نێوان بەیروت و تەلئەبیبی لەسەر ئاگربەست راگەیاند و وتی، "واشنتۆن لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ تورکیا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل دەستپێدەکات".
کاتژمێرێک دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل رێککەوتووە لەسەر ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی نێوان بەیروت و تەلئەبیبی راگەیاند.
جۆ بایدن رایگەیاند کە لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە "جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا".
بایدن رایگەیاند، لە ٦٠ رۆژی داهاتوودا هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی لوبنان لە باشووری وڵاتەکە جێگیر دەبن و ئەم ناوچەیە کۆنترۆڵ دەکەن، ئیسرائیلیش وردە وردە هێزەکانی پاشەکشە پێ دەکات.
دوێنێ میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو کە کابینەی حکوومەتی ئەو وڵاتە ئاگربەستەکەی لەگەڵ لوبنان پەسەند کردووە و ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەرەبەیانی بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە کە بەرامبەرە بە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەکاتی هەولێر،، ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکرێت.
نەتانیاهۆ رایگەیاند، کابینەی ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەست لەگەڵ لوبنان و دووپاتیشی کردەوە کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی وەڵامی هەر "پێشێلکارییەک"ی حزبوڵڵا بداتەوە.
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر لوبنان و ئەمەش بووە سەرەتا بۆ جەنگی نێوان هەردوو وڵات.
هـ . یـ