راچڵەکین-
کۆمپانیای مێتا ئاشکرایکرد، تایبەتمەندی هاوبەشکردنی لۆکەیشنی بۆ ئەپی ئینستاگرام زیادکردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە نوێکارییەکان لە نامە راستەوخۆکاندا.
ئەم تایبەتمەندییە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات کە شوێنی خۆیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ هاوڕێکانیان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هاوبەش بکەن، بەو مەبەستەش دەتوانن کرتە لەسەر "plus" بکەن لە بەشی خوارەوەی راستی شاشەکەدا، پاشان شوێنەکە هەڵبژێرن.
جگە لەوەش دەتوانرێت شوێنێکی دیاریکراو بە نەخشەکەوە ببەسترێتەوە بۆ پشاندانی کاتی گەیشتن بە شوێنی دیاریکراو لە بۆنە قەرەباڵغەکاندا، وەک ئاهەنگ و مەراسیمەکان.
بە گوێرەی ئەوەی کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە، دەتوانرێت شوێنەکە راستەوخۆ لە گفتوگۆی تایبەت یان گروپیدا لە رێگەی ئینستاگرامەوە هاوبەش بکرێت، لەگەڵ زیادکردنی تایبەتمەندییەکی سکیوریتی کە رێگری دەکات لە ناردنی نامەکە بۆ کەسانی تر.
هـ . یـ