راچڵەکین-
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا باسی لە یاداشتەکەی دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ کرد و دەڵێت، بەتەنها دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ بەس نییە.
عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، "تەنها دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ بەس نییە، پێویستە سزای مەرگ بەسەر ئەو و سەرجەم بەرپرسانی دیکەی ئیسڕائیل جێبەجێ بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان بەرگرییەکانمان بەهێزتر و توندتر دەکات".
خانمنەیی وتووشییەتی، "ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی داوە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت، ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان سەرنەکەوتووە و سەریش ناکەوێت".
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە جەنگەکە بەردەوامە. هاوکات بەهۆی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون، لە ئێستاشدا پریشکی ئاگری ئەو جەنگە بەر وڵاتانی دیکەی وەک لوبنان و ئێران کەوتووە.