١٦ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکرد؛ بۆچی ٢٥ی نۆڤەمبەر؟

ڕاپۆرت

25/11/2024     ژمارەی بینراو 182

راچڵەکین-

لەمڕۆوە ١٦ رۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێدەکات و لە جیهاندا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان ئەنجامدەدرێت.

لەم ١٦ رۆژەدا چەندین هەڵمەت و چالاکی دەستپێدەکەن و بەشێوەیەکی گشتی لە جیهاندا چەندین پڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رادەگەیەنرێن، ئامانیجش لێی هۆشیارکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە لەژێر زەبرێکدا دەژین بۆ رزگاربوون و باشترکردنی ژیان و دەروونیان بە رێگایەکی دروست و بێزیان، بە جۆرێک دواتر زۆر ئاسان دەستبکەنەوە بە ژیانکردن و تێکەڵاوبوونەوەی کۆمەڵگە.

بۆچی ٢٥ی نۆڤەمبەر؟
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١دا بە بڕیاری '٥٤/١٣٤' رۆژی ٢٥ی ١١ی هەموو ساڵێکی بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناساندووە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سێ خوشکەی کۆماری دۆمنیکا کە بە خوشکانی میراباڵ ناسراون.

خوشکانی میراباڵ کێن؟
پاتریا - مینێرڤا - ماریاترێزا، سێ خوشک بوون کە لە کۆماری دۆمنیکا دەژیان، ئەوان چەندین جار بەهۆی وەستانەوە دژی حکومەتی ئەوکاتەی وڵاتەکەیان رووبەڕووی توندوتیژی و بەندکردن بوونەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧دا بە فەرمانی رافائیل تروخێوی سەرۆکی ئەوکاتی دۆمنیکا ٢٥ ژن کوژران، بووە هۆکارێک بۆئەوەی ئەو سێ خوشکە توشی دۆخێکی دەروونی ببن و بیر لەو رووداوە بکەنەوە، ئەوەش پەلکێشی کردن بۆ تێکەڵاوبوون بە چەندین فکری نوێ و گوێگرتن لە رادیۆ و خوێندنەوەی پەرتوک و رۆژنامەکان.

لەوەوە ئەو سێ خوشکە بیرۆکەی دانانەی بزوتنەوەی ١٤ی شەش دادەنێن و لەگەڵ هاوسەر و هاوکارەکانیان بزوتنەوەکە دادەمەزرێنن.

لە ساڵی ١٩٤٩دا ئەو سێ خوشکە بەهۆی بەجێهێشتنی ئاهەنگێکی تایبەت بە رافائیلی سەرۆکەوە ناویان دەچێتە لیستی رەشەوە و لە هەنگاوی یەکەمیشدا باوکیان دەستگیردەکرێت.

زیندانیکردن
لەدوای ئەو رووداوەوە حکومەتەکەی رافائیل دەکەوێتە بیانوو لەو سێ خوشکە و هەرجارەی بە هۆکارێک دەستگیریان دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات.

دواتریش حکومەتەکەی رافائیل هاوسەرەکانیان دەستگیر دەکات و دەیانگوازێتەوە بۆ زیندانێکی دوور و رێگە دەدات بە خوشکانی میراباڵ لە هەفتەیەکدا سێ جار سەردانیان بکەن.

تیرۆرکردنی خوشکانی میراباڵ
رێگەدان بە سەردانیکردنی هاوسەرەکانیان لە دڵسۆزیدا نەبوو بۆ ئەو سێ خوشکە، بەڵکو پلانێکی دیکەی لەپشتەوە بوو و دواجاریش پلانەکە سەریگرت، لە یەکێک لە جارەکاندا و لە رێگای گەڕانەوەیان هەر سێ خوشکەکە تیرۆرکران و وابڵاوکرایەوە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون. 

رووداوەکە و هێمای شۆڕشگیڕی
لە ساڵی ١٩٩١ ئەو رووداوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا دەنگی دایەوە و تیرۆرکردنی خوشکانی میراباڵ بووە هێمایەکی شۆڕشگێڕی، رۆژی تیرۆرکردنیشیان کە ٢٥ی نۆڤەمبەر بوو کرایە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

بەمێژووکردنیان
رووداوی خوشکانی میراباڵ رووداوێکی مێژوویی بوو، هەر بۆیە چەندین ژانری هونەری لەسەر ژیان و خەبات و تێکۆشانەکانی ئەو سێ خوشکە و بزوتنەوەی ١٤ی شەش دروستکراون.

هاوکات، ئەو ماڵەی خوشکانی میراباڵی تێدا دەژیا لە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن خوشكی چوارەمیانەوە کرایە مۆزەخانە. جگە لەوەی وێنەیان لەسەر دراوی دۆمینیکان هەیە و پەیکەریشیان بۆ دروستکراوە.  

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن