تەندروستی جیهانی: ژاوەژاو و دەنگی بەرز مرۆڤ تووشی نەخۆشی مەترسیدار دەکات

تەندروستی

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 136

راچڵەکین-

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، رۆژانە بەرکەوتن بە ژاوەژاو و دەنگی زۆر بەرز بۆماوەی هەشت کاتژمێر کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و چەندین نەخۆشی دیکەی مەترسیدار.

رێکخراوەکە ئەوەی خستووەتە روو، جگە لەوەی ژاوەژاو دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی بیستن و کاریگەریی لەسەر ژینگەی گشتی جێدە‌ێڵێت، بەڵام رۆژانە بۆماوەی هەشت کاتژمێر ئەگەر کەسێک لەناو ژاوەژاوێکی سەروو ٨٥ دیسیبڵدا بمێنێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە تووشی چەندین نەخۆشی ببێت.

ئەوەش هاتووە، دەنگ لەرێگای شەپۆلەکانەوە دەگوازرێتەوە و لەو مەودایەی کە گوێ هەستی پێدەکات ئاساییە، بەڵام دەنگی زۆر بەرز کە بەو دەنگانە دەوترێت ئەو ئاستە تێدەپەڕێنن، کاریگەریی مەترسیدار لەسەر تەندروستی جێدەهێڵێت، بەتایبەت لای ئەو کەسانەی گرفتی گوێ یان هەوکردنی درێژخایەنیان هەیە.

رێکخراوەکە دەڵێت، لەو کاریگەرییە نەرێنیانەی ژاوەژاو دروستی دەکات ئەوەیە بە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوان مێشک و گوێ، کە ئەگەر بەردەوام بێت هەستی بیستن لاواز دەکات و ئەگەری لەدەستدانی هەستی بیستن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوایین توێژینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە لە حەوت کەسی پێگەیشتوودا لە ئەوروپا یەکێکیان تووشی هەوکردنی درێژخایەن دەبێت بەهۆی ژاوەژاوەوە.

رێکخراوەکە روونیشیکردووەتەوە، ژاوەژاو کاریگەریی لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان و سیستمی هەرس دەبێت و دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و تێکچوونی خەو، جگە لەوەی دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت لە کۆئەندامی دەماردا، هەروەها سیستمی بەرگری جەستە لاواز دەکات.

بۆیە پزیشکەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن، کاتێکی زۆر لە ژاوەژاودا بەسەر نەبەن و ئەگەر گوێبیستی هەر شتێک بوون دەنگی ئەوەندە بەرزنەکەنەوە کە لەئاستی پێویست زیاتر بێت.

هـ.ئـ
   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن