عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکەکەی بدەنەوە

عێراق

23/11/2024     ژمارەی بینراو 115

راچڵەکین-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمیی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کردووە، وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر عێراق دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم ئەو لایەنانەی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، "عێراق پایەی سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی ناوچەکەیە و یەکێکە لەو وڵاتانەی بە تەواوی پابەندی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، نامەکەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەشێکە لە سیاسەتێکی بەرنامەبۆدارێژڕاو بۆ دروستکردنی تۆمەت و بیانوو بە ئامانجی ئەوەی ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر بکات.

ئەوەش هاتووە، "پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە پێگەی ئەنجومەنەکەوە دێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گرنگە هەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و لوبنان، هەروەها پابەندکردنی وڵاتەکە بە وەستاندنی توندوتیژی و هەڕەشەکانی بۆسەر وڵاتانی دیکە".

لە نامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، عێراق سوورە لەسەر ئەوەی رێگە نەدات ئاسمان و خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت. باسی لە گرنگی دەستوەردانە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە بۆ راگرتنی ئەو جۆرە رەفتارانەی ئیسرائیل، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

ئەوەش هاتووە، عێراق داوای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و رێزگرتن لە یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.   

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن