راچڵەکین-
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، یەکەم توشبووی جۆرە نوێکەی ئاوڵەی مەیمونیان تۆمار کردووە، ئەمڕۆ کەنەدا ئاماژەی بەوەکرد، توشبوویەکی ئاوڵەی مەیمونیان تۆمار کردووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
بەرپرسانی تەندروستی کەرتی مانیتوبا لە کەنەدا رایانگەیاند، یەکەم توشبووی ئاوڵەی مەیمون لە کەرتەکەی ئەواندا تۆمارکراوە کە دەبێتە یەکەم حاڵەتی تۆمارکراوی ئەو نەخۆشیە لە کەنەدادا.
لە راگەیانراوێکدا تەندروستی مانیتوبا ئەوەی خستووەتە روو، ئەو کەسە بەهۆی گەشتەوە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.
هەفتەی رابردووش ئەمریکا رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی جۆرە نوێیەکەی ئاوڵەی مەیمونیان تۆمارکردووە، کە پێشتر گەشتی ئەفریقای کردووە بۆیە توشی نەخۆشییەکە بووە.
لە مانگی رابردوودا رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ماوەیەکە ژمارەی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون رووی لە زیادبوون کردووە لە جیهاندا و تەنها لە یەک مانگدا دوو هەزار و ٧٠٠ حاڵەتی نوێی توشبوو تۆمارکراون.
لە سەرەتای ئەم مانگەشدا ناوەندی ئەفریقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەتا جیاوازەکان هۆشداریدا لەوەی، بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقادا لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و رێژەی توشبوون بەراورد بە ساڵی رابردوو ٥٠٠٪ زیادیکردووە.
هـ.ئـ