وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دەستگیركردنی ئەفسەرو كارمەندانی بازگەكانی كەركوك دێتەدەنگ

عێراق

21/11/2024     ژمارەی بینراو 1288

راچڵەكین - 

وەزارەتی ناوخۆی عیراق روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی دەستگیركردنی زیاتر لە 300 ئەفسەرو كارمەندی بازگەكانی سنووری پارێزگای كەركوك دەدات و رایدەگەیەنێت، تەنها لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك ئەفسەرو كارمەند كراوە، كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمشەو بڵاویكردووەتەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە باس لە دەستگیركردنی 320 ئەفسەرو كارمەندی بازگەكانی سنووری پارێزگای كەركوك دەكرێت و هۆكارەكەشی بۆ پرۆسەی سەرژمێری گەڕێندراوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق روونیكردووەتەوە، راستی بابەتەكە ئەوەیە بڕیاری لێكۆڵینەوە لەگەڵ 18 ئەفسەرو كارمەندی ئەو بازگانە دراوە كە تۆمەتی گەندەڵی داراییان لەسرە سەلمێندراوەو بەو هۆیەشەوە راگیراون. 

وەزارەتەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە سەرجەم بازگەكانی سنووری پارێزگای كەركوك ئەفسەرو كارمەندانی لێیەو بەپێی رێكارە یاساییەكان كارەكانی خۆیان رایی دەكەن.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن