راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا گوژمەیەكی دیكەی هاوكاری سەربازی بەبەهای زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلار پێشكەشی ئۆكراینا بكات، كە چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆشكی سپی لەچوارچێوەی بەردەوامیی هاوكارییەكانی بۆ ئۆكراینا، بڕیاریدا گوژمەیەكی دیكەی هاوكاری سەربازی پێشكەشی ئەو وڵاتە بكات، كە بەهاكەی 275 ملیۆن دۆلارەو چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، وەك سیستمی مووشەكیی و چەكی دژە تانك و تۆپ.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەشی زۆری ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لەچوارچێوەی هاوكارییە نوێیەكە رەوانەی ئۆكراینا دەكرێت، بۆ مەبەستی بەرگریی سەربازی بەكاردەهێنرێت و هیچ جۆرە چەكێكی هێرشبردنی تێدا نییە.
ئەمە دووەم گوژمەی هاوكاری سەربازییە كە ئەمریكا لەماوەی مانگێگدا بڕیاری ناردنی بۆ ئۆكراینا دەدات، سەرەتای ئەم مانگەش واشنتۆن بڕیاریدا بەبەهای 425 ملیۆن دۆلار، چەك و تەقەمەنی جۆراو رادەستی سوپای ئۆكراینا بكات، كە ماوەی سێ مانگە توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەكانی سوپای رووسیای نییەو بەهۆیەوە دەیان شارو شارۆچكەی لەناوچەی دۆنێتسك لەدەستداوە.
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو وڵاتەكەی بەهاوكاری وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی ئۆكراینا لەڕووی سەربازییەوە، تا ئەوكاتەی وڵاتەكە لە شەڕی رووسیا رزگاری دەبێت و تەواوی خاكە داگیركراوەكەشی رزگار دەكات.