مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

20/11/2024     ژمارەی بینراو 377

راچڵەكین - 

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتی، لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت: سەربەرزین بەوەی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستانیش بەڵگەی زیندوون.

لە بەشێكی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە، "ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئیمڕۆ، بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژەپێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتووەكان لەسەرئاستی عێراقیشدا مسۆگەر بكەین". 

دەقی پەیامەكە..

مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی، كە سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەركردە (خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لە رۆژی ٢١ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٥دا لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی رووخاودا بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گیانیان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.

لەناو ئەم كاروانەی شەهیدان و سەروەراندا كە هەزاران تێكۆشەر لەنێو زیندان، لە چالاكیەكانی نێو شار، لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان و نۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو تۆماركردوە، بۆ هەمیشە بە نەمری لە دڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە، بۆ بەرز راگرتنی ئەو قارەمانێتی و سەروەرییانەیان و بەرز راگرتنی یادەوەری وناوبانگیان، لە كۆی ساڵدا ئەم رۆژە دیاری كراوە تاوەكو هەمووان پێكەوە لەیەك ساتدا سەری رێز لەئاست  یادكردنەوەیاندا دابنەوێنین.

لەم یادە پڕشكۆیەدا سەربەرزین بەوەی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستانیش بەڵگەی زیندوون.

ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئیمڕۆ بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژە پێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتوەكان لەسەرئاستی عێراقیشدا مسۆگەر بكەین.

-  درودبۆ رۆحی شەهیدان وسڵاوی وەفا و ئەمەكداری بۆ كەسوكار وخانەوادە هەمیشە سەربەرزەكانیان.

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن