راچڵەکین-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، پشووی ئەو فەرمانبەرانی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوەکو ١٠ی ١٢ درێژکرایەوە.
هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری هەرێمی کوردستان راگەیاند، بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندان، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ن و بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان درێژکرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژکردنەوەی پشووەکە تاوەکو رۆژیت ١٠ی ١٢ـەیە و بەمەبەستی ئەوەیە کە فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕبکەنەوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، لەدوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە ئەمڕۆ و سبەی پشتڕاست دەکرێتەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە پرسیار و زانیاری زیاتری تێدایە و پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێنێتەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکاتەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە.
ئەوەش هاتووە، پشوی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی فۆڕمی دووەم پڕ دەکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ و سبەی بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە لە تەواوی عێراق و هەرێم پشوی فەرمی و قەدەغەی هاتوچۆیە.
هـ.ئـ