بازرگانی عێراق: لەم سەرژمێرییەدا کەسانی بیانیش تۆمار دەکرێن

عێراق

20/11/2024     ژمارەی بینراو 185

راچڵەکین-

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەم سەرژمێرییەدا کەسانی بیانیش تۆماردەکرێن، ئیتر ئەگەر پەنابەر بن یان لێرە کار بکەن و نیشتەجێ بن.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە روو، سەرژمێری گشتی دانیشتووان هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنان، هەروەها هەنگاوەکانی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراق خێراتر دەکات، هۆکارێکە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر ئابووری عێراقدا بێت و لە رێگایەوە دەتوانرێت هەلی کار زیاتر بکرێت و کەرتی تایبەت بەهێزتر بکرێت. 

ئەوەشی خستووەتە روو، سەرژمێری گشتی دانیشتووان بە وردی گوزارشت لە سامانی مرۆیی و رێژەی گەنجان دەکات، بەو پێیەی گەنجان نوێنەرایەتی هێزێکی ئابووری گرنگ دەکەن لە کەرتەکانی هێزی کار و وەبەرهێناندا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرژمێری رێوشوێنێکه له رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوه خزمەتی وڵات دەکات له رێگەی رووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێکاری و زانینی ژمارەی کرێکاران و بێکاران".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو سەرژمێرییە ژمارەی راستەقینەی دانیشتووانی ناوخۆی وڵات و ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن دیاری دەکات.

بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، کرێکاران و دانیشتووانی بیانیش لە سەرژمێرییەکەدا تۆمار دەکرێن، کە ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ زانینی بارودۆخی ژیانی ئەوان و دەستی کاریان لە بازاڕ و بازرگانی و ئابووری وڵاتدا.

ئەمڕۆ و سبەی پشووی فەرمیی و قەدەغەی هاتوچۆیە و کۆتا رۆژەکانی ئەم قۆناغەی سەرژمێرییە، لەدوای ئەوەشەوە قۆناغی کۆتایی دەستپێدەکات کە لە ٢٧ی ١١ تاوەکو ١٥ی ١٢ دەخایەنێت و ٧٠ پرسیاری ورد و درشت لەبارەی تەواوی ژیانیانەوە لە دانیشتووان دەکرێت.

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن