زانایان: پێکهاتەی مێشکی دایک لەدوای پڕۆسەی دووگیانبوون گۆڕانکاری بەسەردا دێت

تەندروستی

20/11/2024     ژمارەی بینراو 163

راچڵەکین-

زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ٢٦ وێنەی تیشکی وردیان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە خستووەتە روو کە تیایدا ئەوە روون دەکەنەوە، پێکهاتەی مێشکی دایکان لەدوای پڕۆسەی دووگیانبوون بە چ شێوەیەک دەگۆڕێت.

ئەو زانایانە وێنە تیشکییەکەیان بۆ مێشکی خانمێکی تەمەن ٣٨ ساڵ گرتووە، بۆیان دەرکەوتووە لەدوای پڕۆسەی دووگیانبوون پێکهاتەی مێشکی ئەو دایکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر رەفتارەکانی جێهێشتووە.

زانایان رایانگەیاندووە، ئەوان بەردەوامن لەسەر لێکۆڵینەوە و درێژەدانی زیاتر بەو توێژینەوەیە و دەیانەوێت گروپێکی گەورەتر وەک نموونە وەربگرن.

ئەو زانایانە لە توێژینەوەکەدا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، ئەو بەشەی مێشکی دایکەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە دەتوانێت هاوکار بێت لە رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان، ئەو گۆڕانکارییەش بۆماوەی دووساڵ ماوەتەوە و بەردەوام بووە.

پزیشکانی پسپۆڕ و توێژەران باس لەوەدەکەن، گەیشتن بەو دەرئەنجامە وایانلێدەکات کە زیاتر بزانن لەبارەی گۆڕانکارییە رەفتاریی و دەروونییەکانی دایکان لەدوای منداڵبوون.

دەشڵێن، ئەوە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە نیشانە سەرەتاییەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون و ژەهراویبوونی دووگیانیی، کە ئەوەشیان حاڵەتێکە دایکەکە تووشی چەند گرفتێکی وەک بەرزی پەستانی خوێن و گرژبوون و سەرئێشەی بەردەوام، هەڵئاوسانی نائاسایی لە دەست و دەموچاو و زیادبوونی کێش بەشێوەیەکی کتوپڕ و چەندین نیشانەی دیکە.

هـ.ئـ

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن