راچڵەكیبن -
پارێزگای هەڵەبجە لە پەیامێكدا بۆ دانیشتووانی پارێزگاكە، رایدەگەیەنێت، لەئێستادا هیچ نوسراوێكی فەرمی نییە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی قەرەبوكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی ئاوارەی ئێران ببوون.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن پارێزگای هەڵەبجەوە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، " وەك هەمولایەك ئاگادارن بابەتی قەرەبوكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ وڵاتی ئێران، چەندین جارە ئەم بابەتە بەبێ هیچ نوسراوێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند جوڵێنراوە بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی، پارێزگای هەڵەبجە پاش بەدواداچوونی بۆ ئەم كەیسە لەڕێگای حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە بابەتی قەرەبوكردنەوە، كە لیژنەی تایبەتمەند دروستكراوە بۆ پێداچوونەوە و یەكلایكردنەوەی ئەو كەیسە، لەئیستادا هیچ نوسراوی فەرمی نییە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی قەرەبوكردنەوەكە چ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان یاخود حكومەتی ناوەند".
پارێزگای هەڵەبجە، دڵنیایی داوە كە بەدوای ئەم كەیسەوەن و لەكاتی بوونی بەڵگە و نوسراوی فەرمی لەسەر دەستپێكردنەوەی بابەتی قەرەبوكردنەوەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە كە ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، هەموو هاوڵاتیانی پارێزگاكەی لێ ئاگاداردەكەنەوە.