راچڵەكین -
نێردراوی ئەمریكا بۆ لوبنان رایدەگەیەنێت، بەم زووانە بڕیاری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاموس هوكستین، نێردراوی ئەمریكا بۆ لوبنان لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ نەبیه بری، سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بەمەبەستی راگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و بەم نزیكانەش بڕیاری ئاگربەست رادەگەیەنرێت.
وتیشی:" ئامانجی سەردانەكەم بۆ بەیروت، پێشكەشكردنی هاوكارییە بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە شەڕو راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە بەدەست ئیسرائیل و حزبوڵڵایە، كە هیوادارین بەدەم دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكاوە بێن و كۆتایی بە شەڕ بهێنن".
ئاموس هوكستین كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێك گەیشتە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ نەبیل میقاتی سەرۆكی كاربەڕێكەری لوبنان و جوزی عەون فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەریەك لە ئیسرائیل و حزبوڵڵا رەزامەندییان لەسەر دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەڕ نیشانداوەو بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی بڕیاری ئاگربەست رابگەیەنرێت.