راچڵەکین-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو سزا نوێیانەی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا رەتدەکەنەوە کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە، دەشڵێت، ئەو سزایانە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و راست نین.
ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو دوو وڵاتە لە سزاکانیاندا باس لە گوستنەوەی موشەک بۆ روسیا دەکەن لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام ئەوانە تۆمەتی بێبنەمان.
دەشڵێت، ئەو سزایانە بێبنەمان و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
دوێنێ دووشەممە، بەتۆمەتی دابینکردنی موشەکی بالیستیک بۆ رووسیا، بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی دژی ئۆکرانیا، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا.
گەمارۆ نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا دوو بەندەری ئێرانی کە دەکەونە سەر دەریای قەزوین، ئەمیرباد و ئەنزالی دەکەنە ئامانج، جگە لە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی ئێرانی و سێ کۆمپانیای کەشتیوانی رووسی.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هەموو هاوکارییەکانی هێڵی ئاسمانی نیشتمانی ئێران و کۆمپانیای کەشتیوانی سەر بە دەوڵەت کە یارمەتی گواستنەوەی چەکەکانی داوە، رادەگرن.
هـ.ئـ