'پێشبینی دەکرێت ٢٠٢٤ ببێتە گەرمترین ساڵی مێژوو'

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 201

راچڵەکین-

زانایەکی کەشناسیی رووسی رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی پێوانەیی ساڵەکانی پێش خۆی بشکێنێت و ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا.

ئەلێکسی کۆکۆرین زانای کەشناسیی رووسی رایەگیاندووە، بەرگەهەوای زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو گەرم بووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری چالاکییەکانی مرۆڤ، جگە لە دیاردەی سروشتی "نینیۆ" کە لە مانگی ٥ و ٦ی ساڵی رابردووەوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون و روو لە زیادبوونن.

ئەوەشی خستووەتە روو، تاوەکو ئەم ساتە ساڵی ٢٠٢٣ بە گەرمترین ساڵی مێژوو دادەنرێت، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی نینیۆ کە زیاتر لە حەوت مانگە هەستیان پێدەکرێت، پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٤ ببیتە گەرمترین ساڵ.

ئەو زانایە ئاماژەی بەوەکردووە، دیاردەی نینیۆ هۆکارێکی گەورەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە بەتایبەت لە زەریای هێمندا.

دیاردەی نینیا و نینیۆ پێچەوانەی یەکترن، لە دیاردەی نینیادا گەرما بەشێوەیەکی چڕ دەیدات لە رووکاری دەریاکان، بەڵام لە  دیاردەی نینیۆدا ئەو پڕۆسەیە پێچەوانە دەبێتەوە و گەرما لە رووکاری دەریاکانەوە بەرەو بەرگەهەوا دەچێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما.

لە ئێستادا دیاردەی گەرمبوونی جیهان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پرسێکی گەرمە و وڵاتان بەشێوەیەکی گشتی سەرقاڵی خستنەرووی چەندین پلان و پڕۆژەی گەورەن بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا کاریگەرییەکانی گۆڕانی پلەکانی گەرما و کەشوهەوا بەشێوەیەکی بەرچاوتر دەرکەوتووە و لەو ناوچانەی بە گشتی ژینگەیەکی گەرمیان هەیە باران و زریان و لەو ناوچانەشی بە گشتی ژینگەکەیان سارد و شێدار و فێنکە، گەرما و وشکە ساڵی دەبینرێت، جگە لە زیاتر بوونی کارەساتە سروشتییەکان.

شارەزایان هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە، کە رێژەیەکی بەرچاویان زۆربوونی دووکەڵی کارگەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، زۆربوونی باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون، دوکەڵی ئۆتۆمبێل و کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی و زیادبوونی رێژەی چالاکییەکانی مرۆڤە بە گشتی.

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن