راچڵەکین-
لە رۆژی ١٧ی مانگەوە قۆناغێکی دیکەی سەرژمێری دەستیپێکردووە و سبەنێ و دوو سبەی دوو رۆژی کۆتایی ئەو قۆناغەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمدا پشووی فەرمییە و قەدەغەی هاتوچۆش راگەیەنراوە.
سبەینێ و دوو سبەی کە دەکاتە ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە، دوو رۆژی کۆتایی ئەم قۆناغەی سەرژمێرییە، بەو هۆیەوە لە سەرجەم عێراق و هەرێم پشووی فەرمیی و قەدەغەی هاتوچۆیە، جگە لەوەی بەشێکی پارێزگاکانی عێراق دەوامی ئەمڕۆشیان راگرتووە.
لەم قۆناغەی سەرژمێریدا بژمێرەکان سەردانی ماڵ بە ماڵی شارەکان دەکەن و ئەوەی لێیان دەپرسن چەند پرسیارێکە، وەک ژمارەی ئەندامانی خێزان، ناوی سیانیان، رۆژی لەدایکبوونیان، هەروەها سەرۆکی خێزان و حاڵەتی لەدایکبوون و گیانلەدەستدان ئەگەر لەنێوان قۆناغی پێشووی سەرژمێری و ئەم قۆناغە نوێیەدا هەبووبێت.
لەو دوو رۆژەدا داوا لە هاوڵاتیان کراوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و کارتی نیشتیمانییەکانیان لەبەردەستدا بێت.
بەرپرسانی عێراق و هەرێم ئاماژە بەوەدەکەن، ئەوە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەنگاوێکی مێژووییە، بۆیە گرنگە هاوڵاتیان بتوانن هاوکاری بژمێرەکان بن و زانیاری دروستیان پێبدەن.
لەدوای ٢٧ ساڵ ئەمە یەکەم سەرژمێریی گشتی و فەرمییە لە عێراقدا ئەنجام بدرێت.
پێشتر بەکۆی گشتی لە عێراقدا پێنج سەرژمێری ئەنجامدراوە و دوایین سەرژمێریش لە ساڵی ١٩٩٧دا بووە.
هـ.ئـ