کەشناسی: تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکات و لەم ناوچانە بەفر دەبارێت

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 382

راچڵەکین-

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەک نمەباران و لە چەند ناوچەیەک تاوەباران و هەورەبروسکە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت، دەشڵێت، سبەی پلەکانی گەرما ٣ بۆ ٤ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ هەندێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ کەمێک بەفربارین لەم ناوچانە.

دەشڵێت، پێشبینی تاوەباران و بروسکەی کەم مەودا بۆ هەندێک لە ناوچەکانی باشووری شاری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکرێت و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٣ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، سبەی سێشەممە، ناسەقامگیری ئاسمان بەردەوام دەبێت بەشێوەی نمەبارانی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای هەڵەبجە، پاشان کاریگەرییەکەی بەلاوازی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەشێوەی نمەبارانی پچڕ پچڕ دەمێنێتەوە.

ئەوەش هاتووە، سبەی پلەکانی گەرما بە گشتی ٣ بۆ ٤ پلەی سیلیزی دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: 
هەولێر : ١٩ پلەى سیلیزى
سلێمانی: ١٦ پلەى سیلیزى
دهۆک: ١٧ پلەى سیلیزى
کەرکوک: ٢١ پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: ١٧  پلەى سیلیزى
زاخۆ: ١٦ پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: ٨ پلەى سیلیزى
سۆران:  ١٤ پلەى سیلیزى
گەرمیان: ٢٢ پلەی سیلیزی

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن